بیركردنەوەی نامێژوویی دژە مێژوو و مێژوو ڕەد دەكاتەوە، جەوهەرەكەی ئەوەیە هەموو شتێك چەقەبستوو، داخراو و نەگۆڕە و باوەڕی بە جەبر و چارەنووس هەیە، لێرەوە سیفەتی مێژوویی لەدەست دەدات و دەبێتە بیركردنەوەی سرووشتیی، لە تێگەیشتنی سرووشتیشدا هەموو شتێك پایەدار، ئەزەلی و ئەبەدییە، دیاردەكان نەمر و هەتاهەتاییە، جووڵە و ئاڕاستەی ئەو دونیایە لە دەستی مرۆڤدا نییە، بۆیە هەر شتێك سرووشتیی بوو، مێژوویی نییە. ئەم جۆرە بیركردنەوەیە هێجگار ترسناك و كوشندەیە و لە بنەڕەتدا زۆر ناتەبایە لەگەڵ دونیای مرۆڤ كە تژییە لە دیاردەی دروستكراو، گۆڕاو، سوتفە و گریمانە.
ئەم بیركردنەوەیە شیمانە، لێهاتوویی و وزە لە مێژوو دەسێنێتەوە و وەك دونیایەكی حەتمی و مسۆگەر لێی دەڕوانێت. بە پێچەوانەوە لە ڕوانگەی ئاگایی مێژووییەوە، هەموو شتێك ناجێگیر، كاتی و قابیلی دەسكارییە، سەرەتا و كۆتایی هەیە، هیچ دۆخێكی مێژوویی بە تاقانە و ئاوارتە نابینرێت، بە وتەی ماركس ئەوەی ڕەگی داكوتاوە و توندتۆڵە، سبەینی دەبێتە هەڵم و دەچێتە هەوا. بیركردنەوەی مێژوویی دونیایەكی بزێو، جووڵەدار و زیندووە و هیچ شتێك كۆتایی نەهاتووە و لێوانلێوە لە ڕووداوی كتوپڕ و چاوەڕواننەكراو، ئەگەرچی ئەم ڕەوتە لۆژیك و ڕێسای گۆڕانگاریی تایبەتیی خۆی هەیە و حیكمەتی و دانایی بەسەریدا زاڵە. پێویستە لەم پەیامەی مێژوو تێبگەین. بیركردنەوەی خەڵك دەربارەی دونیای ئێستای ئێمە جێگەی سەرنجە، خەڵك لەبەرئەوەی ڕووكەشیانە بیردەكەوە و هیچ قووڵییەكی تێدا نییە، لەڕووی فكرییەوە پەرێشانن، نە ڕێگە دەناسنەوە و نە هیچیان پێدەكرێت، بۆیە تووشی دۆشدامان و سەرگەردانی دەبن.
ئەوەی كە خەڵك لە واقیعدا سست و دەستەپاچەیە، پەیوەندی بەو تێڕوانینە نامێژووییەوە هەیە پێی وایە مێژوو ئەوەی كە هەیە و دەبینرێت، ئەمە قەدەر و چارەنووسە، كۆتایی ڕێگاكەیە و دەرەتانمان نییە، ئێمە مەحكومین و بژاردەی ترمان نییە، هیچ شتێك قابیلی دەسكاری و گۆڕین نییە، ئەم كابوس و دێوەزمەیە دونیایەكی زەینی و دەروونیی كارەساتباری دروستكردووە، خەڵك وزەی بەرەنگاری و ئومێدی لەدەستداوە. سەرچاوەی ئەم بەدبەختییە ئەوەیە كە پرسیار لەوە ناكات ئێمە بۆ گەیشتینە ئێرە، بۆچی ئێستا بەو شێوەیەیە كە ئێستا هەیە، ئەو ئەگەر و بژاردانەی تر نابینێت كە لە ناو ئەم مێژووەدا دەرنەكەوتوون، پەنگی خواردۆتەوە، چاوەڕێی هەلومەرجی خۆی دەكات، ئەم دۆخە تەنها دیوێكی تاریك و ڕەشی مێژووە، دەیان ئیمكان و ئەگەری تاقینەكراوە لە هەناوی مێژوودا قەتیس بووە، هەركاتێك مێژوو ژانی گۆڕانگاری گرتی، دەردەكەوێت.
لەوە تێناگات مێژوو دەیتوانی بەو شێوەیە نەبێت كە ئێستا هەیە، كۆمەڵێك ئەگەر و مومكینات لە ناو مێژوودان كە دەرنەكەوتوون، سەركوتكراون و فەراموشكراون، ئەم دۆخە، زەروورەتێكی مێژوویی بووە، پێكهاتووە، دەركەوتووە، سووڕی خۆی تەواو دەكات، ڕادەماڵرێت، سەردەمێك ئەم دەسەڵاتە نەبووە، پاشان بەدیهاتووە و دواتر دەڕوات، جێگرەوە و ئەگەری پرشنگدار و هیوابەخش هەیە كە ئێستا دەرفەتی دەركەوتنی نییە و چاوەڕێن لە كاتی خۆیدا بەرجەستە ببن، هێشتا مێژوو لێهاتوویی و ئامادەیی بەدیهێنانی ئەو مژدانەی هەیە كە بە مرۆڤایەتی داوە. ئەو كاتە مێژووی خوازراوی خۆمان دەردەكەوێت كە بمانەوێت و كۆششی بۆ بكەین. كەواتە ئێمە خۆمان مێژوو دەخوڵقێین و ئاڕاستەی دەكەین، ئێمە لە ناو مێژوودا نین، مێژوو لەناو ئێمەدایە، ئیرادە و هەڵوێستی ئێمە بەرهەمی ئاگامەندی مێژوویی و بیركردنەوەی ڕەخنەیی ئێمەیە.