ئەمڕۆ یەکشەمە ١٤ / ١ / ٢٠٢٤ لە زۆر بەی شارەکانی زۆنی بایکۆت مامۆستایان خۆپیشاندانی فراوانیانکرد.
هەرچەندە ماوەی چەند ڕۆژێکە وەرزی دووەمی خوێندن دەستی پێ کردووە بە گوێرەی ساڵنامەی خوێندن بەڵام هێشتا دەرگای قوتابخانەکان نەکراونەتەوەو بایکۆت بەردەوامە.
هەر لەسەرەتای وەرزی دووەمەوە بە وتەی مامۆستایان دەسەڵات بە جۆرەها شێوە فشارو هەوڵەکانی دەست پێکردووە بۆ ئەوەی مامۆستایان بێ جێبەجێکردنی داواکانیان بگەڕێنەوە ناوەندەکانی خوێندن.
بە گوێرەی قسەی مامۆستایان خۆپیشاندانی ئەمڕۆ وەڵامی فشارەکان دایەوە.
مامۆستا شنە علی خەیات چالاکوانێکی دیاری ناڕەزایەتی مامۆستایان بۆ سایتی داکۆک وتی : خۆپیشاندانی ئەمڕۆ زۆر قەرەباڵەغتر بوو لە سلێمانی نەک هەر مامۆستایان بەڵکو خەڵکی بەگشتی بەشداریانکردبوو ، حکومەت ئەبێ لەوە تێبگات بەفشارو فرتو فێڵ ناتوانێت بایکۆت بشکێنێت، با چیتر گرەو لەسەر مانوو بوونی مامۆستایان نەکات .