بەئامانجگرتنی دوو بارەگا لەنزیک ماڵی مەسعود بارزانی، لەسەری ڕەش، ئیتر گومانێکی نەهێشتەوە، کە ئێرانییەکان هەر پەیام بۆ پارتی و بارزانی نانێرن، کەچیتر یاری بەکارتی ئیسرائیلییەکان نەکەن، بەڵکو تەمێیان دەکەن.
لێدان لە بارەگایەکی پاراستن چەند سەد مەترێک لە خوار ماڵی مەسعود بارزانی، کە بەگوێرەی ئەو زانیاریانە بێت لەزاری ئێرانییەکانەوە دزە دەکەن، بارەگەکە شوێنی حەوانەوەی موساد و ئیسرائیلییەکانە، ئاماژەی روونن ئێران لەگەڵ مەسعود بارزانی و سیداد و مەسرور گەیاندویەتە سیاسەتی گەڕانەوە بۆ خاڵی سفر.
چونکە لە کاردانەوەی لێکەوتەکانی ریفراندەم بێت، یان لەدەستدەرهێنانی ناوچە جێناکۆکەکان لەدەست پارتی، لەدوا هەڵبژاردنەکانی عێراقدا، بارزانی بەهاوبەشی سەدرو حەلبوسی ویستیان ناو ماڵی شیعە پەرت بکەن، کاتێک بەدروستکردنی زۆرینەی پەرلەمانی ویستیان بەڕەی ژێر پێی شیعە وەلائییەکانی سەر بەئێران رابکێشن، کە ئەو کات بێ بەکارهێنانی درۆن، ئێرانییەکان بە بارزانیان وت چۆن ناوماڵی شیعەت لەتکرد، ناهێڵین حزبە کوردستانیەکانی لەتەنیشتت بووەستن، ئێمەش ناو ماڵی ئێوە پەرت دەکەین.
لەوەتەی جەنگی ئیسرائیل و غەزە روویداوە، بێ پسانەوە درۆنی ئێرانی بە ئاسمانی هەرێمی کوردستانەوەیە، لەوەش زیاتر بە بەردەوامی فڕۆکەخانەی هەولێر و فڕۆکەخانە هەریر، دەکرێنە ئامانج، بەتایبەت فرۆکەخانەی هەریر، کە ئێرانیەکان بە مۆڵگەی ئیسرائیلی دەزانن و پێیان وایە ئەم فڕۆکەخانە کارەکەی تەنها چاودێری خاکی ئێرانەو درستکردنی مەترسیە لەسەر ئێران.
چی لەوە راشکاوتر هەبوو کە قاسم سولێمانی پێش حەشدو سوپای عێراق کەوتوو، بۆ وەرگرتنەوەی کەرکوک بۆ عێراقیەکانی شیعە؟ ئایا ئەو رۆژگارە ئیسرائیل لە کوێی بوو کە لە بانگەشەی پێش ریفراندۆمدا بەناوی مەسعود بارزاییەوە سیاسییەکانی پارتی هەڕەشەیان لە ئێران و تورکیا دەکرد، کە گوایە بەپشتیوانی ئیسرائیل دەوڵەت بۆ کورد دروست دەکەن و گەر ئەوانیش ناڕازی بن تەقسیم دەکرێن؟!.
سیاسەتێک کە پارتی و خودی بارزانی لەبەرەکەتی شەڕی ناوخۆدا پەیڕەوی کردووە، یاریکردن بوو بە کارتی ئێران، تورکیا، سەدام و بەعس، بەڵام هەروەکو چۆن سەدام نەماو بەعس کۆتایی هات، کارتی ئێرانیش لەدەستیان چوو، لەبەر ئەوەی متمانەیان لای ئێرانییەکان نەماوە، متمانیەک کە بە ئیبادەکردن و راوەدونانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، لە کۆتایی هەفتاکانی سەدەی رابردوو دەستەبەریان کردووە، بەسەدان جۆری خزمەت بە ئێران پەرەیان پێدابوو.
هاوبەشی فازڵ میرانی لەیادی تیرۆرکردنی قاسم سلێمانی، سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ قونسڵیەی ئێران، دەنگۆی سەردانی شاندێکی پارتی بۆ سەردانی تاران ئاماژەی روونن کە پارتی و بارزانی هێندە لە دۆخێکی پەرشێشاندا گەر ئێران دەرگایەکی بەخێریان لێبکاتەوە، ئامادەن چی بۆ تورکەکان دەکەن، بەهەمان ئەندازەش خزمەتی ئێران و ئەجنداکانی بکەن.