دۆڵەڕووت بۆ بیركردنەوە – داکۆک
دیار حسێن سۆفی عەزیز

 

خوێندنەوەیەکی ورد لە ناونیشانەکە گرنگە بۆ تێگەیشتن لە مەبەست. بردنی زەوی و زار و دەست بە سەراگرتنی، زەوییە بە مەبەستی دەرکردنی خەڵکەکەی و دروستکردنی توێژی بێ-زەویی و لە ئەنجامدا پرۆلیتاریا. چەمکی پرۆلیتاریا، یانی ئەو خەڵکەی کە تەنها توانای زاوزێیان هەیە.
هەموو ئەمانە لە دۆڵە ڕوت دەبینین. دۆڵە ڕوت وەها پۆلێن دەکرێت کە خاکێکی ڕەقەڵەی بێ سودە و ئەم کۆمپانیایانە دێن دەیگۆڕن بۆ جێگایەکی سودمەند. هەمیشە لە مێژوودا کاتێک هێزێک دەیەوێت جێگایەک ببات، وەها پۆلێنی دەکات کە بێ سودە، بۆیە شایانی ئەوە نیە کە ناڕەزایی لە سەری دەرببڕێت.
گۆڕینی یاڵ و گرد و دۆڵ و زەوییە کشتوکاڵیەکان بۆ پرۆژەی خانوبەرە، بەرفراوانترین جۆری کەڵەکردنی سامان و دروستکردنی توێژێژێکی موڵکدارانی ساماندار لە بەرامبەر توێژێکی بەرفراوانی بێ دەرامەتە یان کەمدەرامەت.
دۆڵە ڕوت و شوێنەکانی تر، هەموو ئاماژەن بۆ دروستبونی کۆمەڵگایەکی ئێجگار چینایەتی لە کوردستان. دروستبونی توێژێک کە خاوەنی داهاتی زەبەلاحە، لە بەرامبەر توێژێکی بەرفراوانی کەمدەرامەت، جگە لە دروستبونی ناوچەی دابڕاو و داخراو، هەموو دەبنە بنەمای دروستبونی نایەکسانی کە هۆکارێکی هەرە سەرەکی نا-دیموکراسیی بوونە.
هۆکاری تری زۆر هەیە کە دەبنە مایەی نا-دیموکراسیی.
ڕەنگە دۆڵە ڕوت بکرێتە شوێنێکی جوان و ئاوەدان، بەڵام زۆرینەی زۆری خەڵک لێی مەحروم دەبن. لە نەبونی ئاگایی فیکریی، ئاگایی سیاسی و کۆمەڵایەتی، یان لە سەروی هەمویەوە ئاگایی ژینگەیی ئەم دیاردانە بە ئاسانی بەڕێوە دەچن. بەشی زۆری بەناو ئۆپۆزسیون یان سەرقافلەی ئەم کارانەیە یان توانای تێگەیشتنی ئەم دیاردانەی نیە. ئەوانیتریش خاوەن گەمەکەن.
بۆیە لە ئەنجامدا ئەم پرۆژانە دەبنە داهاتی گەورە بۆ دەسەڵات و باڵا دەستەكان و چینی خوارەوەی كۆمەڵگەش لە هەژاریدا دەمێنێتەوە. ئەم درووستكردنی چینایەتییە ڕاستەوخۆ ناعەدالەتی و نادیموكراستی بەرهەمدێنێت. لە ئەنجامدا كوردستان دەبێتە شوێنێكی مەترسیدار لە ڕووی ئازادیی و دیموكراستییەوە.

Please follow and like us:

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *