بنەماڵەی جیهان تەها نهێنی تیرۆر کردنی کچەکەیان ئاشکرا کرد – داکۆک
ئا:هەورامان نیعمت

بنەماڵەی مامۆستا جیهان تەها کە یانزە ئەندامن و لە ئەمریکا دەژین و خاوەنی ڕەگەزنامەی ئەمریکین وەکو خۆیان لە کۆتایی بەیانەکەیاندا باسیان کردووە ئەمڕۆ ١٥ / ١/ ٢٠٢٤  بەڕاشکاوی ڕایانگەیاند : کچەکەیان  تیرۆر کراوە بە هۆکاری سیاسی و لەبەرانبەر بۆچوون و قسەو چالاکیەکانی وەکو مامۆستایەکی ناڕازی .

جیهان تەها مامۆستایەکی شاری هەولێر بوو ، تەمەنی ٣٥ ساڵ بوو دەرچووی پەیمانگای هونەرجوانەکان بوو لە  شەوی ٢٧ / ١٠ / ٢٠٢٣ لە ڕووداوێکی تەم و مژاویدا لە دەرەوەی شاری هەولێر سەیارەکەی سوتێنراو خۆشی تیایدا گیانی لەدەست دا، هەر زوو خەڵکی کەوتنە گومانەوە لە مردنەکەی و ناڕەزایەتی فراوان بەدوای کوشتنەکەیدا هات ، ڕێکخراوی داکۆک ئیدانەی کوشتنەکەی کردو لە ساڵیادی تیرۆر کردنی کاوە گەرمیانی وێنەکانی کرد پۆستەرو لە خۆپیشاندانەکاندا لەشارەکانی بەریتانیا کە داکۆک ڕێکی خستبوو ئیدانەکردنی تیرۆر کردنی مامۆستا جیهان تەها بوو بەشێک لە یادەکە

ئەمەی خوارەوە دەقی بەیانامەی بنەماڵەی مامۆستا جیهان تەهایە

⬇⬇⬇

 

بەیاننامەیەک لە لایەن خانەوادەی مامۆستا جیهان تەها

بۆ
تەواوی خەڵکی کوردستان
ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە کوردستان
تەواوی دەزگاکانی ڕاگەیاندن لە کوردستان

هەروەک هەموو لایەک ئاگادارن لەبەرواری 26/10/2023 هەواڵی گیان لەدەستدانی مامۆستا جیهان تەهای دانیشتووی هەولێر لە کوردستانی عێراق بڵاوکرایەوە بە ڕوداوێکی هاتوچۆی گوماناوی ، هاوکات لە فەیسبووکەکەی چەندین پۆستی نامۆ کرابوو کە ئاماژەی بەوە دەکرد کە خۆی کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنابێت.

هەرلەسەرەتاوە ئەم ڕووداوە لەلایەن خەڵکی کوردستان، دەزگاکانی ڕاگەیاندن، ڕۆژنامەنووسان، ئازادیخوازان، چالاکوانان بەکاری تیرۆر لەلایەن دەسەڵاتەوە لێکدرایەوە، ئەمەش لەبەرئەوەی لە ساڵانی ڕابردوو ڕوداوەکانی تیرۆرکردن، گرتن، لێدان و زیندانیکردنی ڕۆژنامەنووسان وئازادیخوازان لە سنوری هەولێر و بادینان بەتایبەت بەردەوام هەبووە. بەجۆرێک کەئازادی ڕادەربڕین ، ڕەخنەگرتن لەدەسەڵات و حکومەت و بەرپرسان هەروەها چالاکی و خۆپێشاندان بۆ داواکردنی ماف بەهەموو شێوەیەک سنوردار و قەدەغەکراو بووە. بۆ نمونە ڕفاندن و تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووس سەردەشت عوسمان ، تیرۆرکردنی وەدات حسێن ، تیرۆرکردنی مامۆستا مەلا هۆشیار ئیسماعیل ، زیندانی کردنی شێروان شێروانی ، گوهدار زێباری و قارەمان شوکری و تەواوی زیندانیانی تری بادینان. لەم دواییانەش ڕێگریکردن لە چالاکی و خۆپێشاندانی مامۆستایان و وانەبێژان لە سنوری هەولێر دەستگیرکردنی عەلی ڕەئوف نوێنەرێکی تری وانەبێژان بەچەند هەفتەیەک دوای ڕوداوی تیرۆرکردنەکەی مامۆستا جیهان بەبیانووی ئەوەی بانگەوازی خۆپێشاندانی کردبوو .
ئەمە لەکاتێکدایە کە خۆپێشاندانی وانەبێژان و مامۆستایان لە سنوری سلێمانی و دەوروبەری کە لە ژێر دەسەڵاتی لایەنێکی ترە نزیکەی چوار مانگە بەردەوامی هەیە و هیچ ڕێگریەک لە خەڵک نەکراوە.
شایەنی ئاماژەپێکردنە کە مامۆستا جیهان تەها کە لە هەولێر دەژی لەماوەی ڕابردوو لە سێ چاوپێکەوتن دەرکەوتوە کە ڕەخنەی توندی لە دەسەڵات و وەزارەتی پەروەردە گرتووە لە لەکەمتەرخەمی و بەداوانەچوونی داواکاریەکانی وانەبێژان.
لەبەرئەم هۆکارانەیە کە لە تاوانی تیرۆرکردنی مامۆستا جیهان تەها دەسەڵاتی کوردی لە سنوری هەولێر و بادینان بەپلەی یەکەم تۆمەتبارە لەلایەن خانەوادەی مامۆستا جیهان وخەڵکی کوردستان و تەواوی ئازادیخوازانی کورد لەسەرانسەری جیهان.
هەندێ لەو بەڵگانەی کەدەیسەلمێنن کە مامۆستا جیهان تیرۆرکراوە:
1. جیهان شۆفێرێکی باش نیە لە لێخوڕینی ئۆتۆمبێل و بەتایبەتیش چوون بۆ دەرەوەی شار، بەجۆرێک لەماوەی ژیانی بەهیچ شێوەیەک بۆ جارێکیش نەچۆتە دەرەوەی شار ، کۆتاجار لەگەڵ دایکی چوون بۆ کەرکوک بەتەکسی چونکە نەیتوانیوە شۆفێری بکات بۆ دەرەوەی شار، وە ئەو ڕێگایەی کە جیهان پێیگەیەنراوە، ڕێگایەکی سەخت و دژوار و یەک سایدە ، پێچانەوە و شاخ و داخێکی زۆری تێدایە. تەنانەت بەڵگە هەیە بۆ ئەوەی کەپێشتر شوێنی ڕوداوەکە ئامادەکرابێت بۆ ئەنجامدانی ئەو تاوانە.
بۆ بڕیاری خۆ کوشتن بۆچی پێویستە مرۆڤ ئەو ڕێگا سەخت ودژوارە بگرێتە بەر کە پێشووتر هەرگیز شۆفێری تێدا نەکردبێت بۆی نەڕۆیشتبێ لەکاتێک دا دەیتوانی هەر لەماڵەکەی خۆی لە هەولێر ئەو کارە ئەنجام بدات یان چەندەها ڕێگەی تری ئاسانتر بەکاربێنێت.
2. جیهان ئەو ڕۆژە کە تیایدا تیرۆرکراوە زۆر بەئاسایی و بە ڕێکوپێکی بەرنامەی ڕۆژەکەی خۆی کردووە. بۆ نموونە دەوامی خوێندنگا، وەرگرتنی مووچە، بازاڕیکردن، پەیوندی لەگەڵ کەس و کار و دۆست و هاوڕێ، پێدانی چەندین بەڵێنی یەکتربینین و ئەنجامدانی هەندێ کاری گرنگ و پێویست لە ڕۆژەکانی دواتر دا .هەر لەهەمان ڕۆژ کاتژمێر 2:06 ی دوانیوەڕۆ پەیوەندی لەگەڵ برایەکەی هەبووە و بەڵێنی جێبەجێکردنی کارێکی پێداوە ، دەنگی زۆر ئاسایی دەرکەوتووە، بەڵام لە کاتژمێر 4:10 ی عەسر لەگەڵ ئەندامێکی تری خێزانەکەمان دەنگی نوساوە و لەرزینێکی زۆری پێوە دیارە بەجۆرێک کە وادەردەکەوێت لە ژێر هەڕەشەو فشار قسەدەکات.
3. بۆ ئۆتۆمبێلێکی هێندە بچووکی مامۆستا جیهان مەحاڵە ئاگرێکی لەو چەشنە کەبەئەندازەی چوار مەتر بەرزدەبێتەوە هەروەک لەوێنە و ڤیدیۆیەکان دا دەردەکەوێت. هەروەها وەرگەڕانێکی زۆر ئاسایی کە تەنها یەک جار وەرگەڕاوە و تەنانەت وا گومان دەکرێت کە ئۆتۆمبێلەکە هەر بەدەست وەرگەڕابێت وپاشان سوتێنرابێت.
4. لەهەمووی سەیرتر شوێنی ڕووداوەکەیە کە دەکەوێتە بلێ و بارزان ،ئێمە و هەموو خەڵکی کوردستان و تەنانەت خەڵکی بیانیش دەزانین کە ئەو ناوچەیە لەلایەن لایەنێکی دەسەڵات کە لەلوتکەکانی حوکمڕانی دان تەواو کۆنتڕۆڵکراوە و کەس و کاریان لەو دەڤەرە ژیان دەکەن.
نەخۆشخانە و دادگا و بنکەی پۆلیس و تەواوی کەل و پەلەکانی مامۆستا جیهان کەپەیوەندی بە ڕوداوەکەوە هەیە هەمووی لەژێر دەسەڵاتی بەرپرسانی ئەو ناوچەیە.
5. ئێمە ئاگادارین و بەڵگەشمان هەیە کە لایەنی دەسەڵات بە بیانووی لێکۆڵینەوە چەندین جار هاتونەتە نێو ئەکاونتی فەیسبووکی جیهان و تەواوی بەرنامەکانی تری تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی مامۆستا جیهان لە ژێردەسەڵاتی ئەوانە و بەکاریان هێناوە. وە دەڵێن کە مۆبایلەکەی سووتاوە بەبێ نیشاندانی مۆبایلەکە بە ئێمە ، بەو پێیە ئێمە تەنانەت گومانمان هەیە لەوەی کە کۆتا پۆستەکانی فەیسبووک لە ئەکاونتی مامۆستا جیهان لەلایەن خۆیەوە بڵاوکرابێتەوە.
6. تەنانەت بەخاکسپاردنی تەرمی مامۆستا جیهان بەبێ ئامادەبوونی خانەوادەکەی بەبەرنامە وپلان کراوە و پەلەکردنێکی زۆری تێدا کراوە ، دەشوترێت کە مامۆستا جیهان دەستێکی شکاوە، هەروەها هیچ ڕاپۆرتێکی پزیشکیش لەو بارەیەوە نیشانی خانەوادەکەی نەدراوە.
7. بەرگری شارستانی سۆران(حریق) سەرەتا ڕایانگەیاند کەئەم ڕوداوە لە دوو ژن و پیاوێک پێکهاتوون، بەڵام دواتر هەواڵەکەیان گۆڕی بۆ یەک کەس کە ئەویش مامۆستا جیهانە، هاوکات دەیان پەیجی تریش هەمان هەواڵیان
بڵاوکردەوەکە قوربانیانی ئەو ڕوداوە لەیەک کەس زیاترە.
8. بەو پێیەی مامۆستا جیهان خاوەن کەسایەتیەکی زۆر بەهێزە و هیوابەخشە ، خاوەن کۆمەڵێ هیوا و ئاواتی خۆی بووە. هەروەها هەمیشە هانی کچان و ژنان و قوتابیەکانی داوە کە بێهیوانەبن و کۆڵ نەدەن لەژیان. لەهەمان کات خاوەنی دوو منداڵی جوانە بەناوەکانی باران و بیرهات و کە گرنگیەکی زۆری پێدەدان و زۆر پەیوەست بوو پێیانەوە.
لەبەرئەوە ئەگەری خۆکوشتن زۆر دوورە لە کەسایەتی مامۆستا جیهان.
9. مامۆستا جیهان زانیویەتی کە هەموو خانەوادەکەی تکتی تەیارەیان بڕیوە و دەگەڕێنەوە بۆ کوردستان و برایەکیشی ژن دێنێت ، وە خۆشی بە پێ ی خۆی چووە بۆ خوازبێنی ئەو برایەیو دڵی خۆش بووە بەم هەواڵە و ئامادەکاری کردووە بۆئەو ڕۆژانە و بە خوشکەکانی ووتوە کە هەموومان پێکەوە جلکی کوردی لە ڕۆژی ئاهەنگەکە دەپۆشین.
10. کەمتەرخەمی و خەمساردی لایەنی دەسەڵات،گرنگی نەدان و بەدەمەوەنەچوونی پێویست بە کەیسەکە و پێنەدانی هیچ ڕوونکردنەوەیەک بە خەڵکی کوردستان لەبارەی ئەو تۆمەتانەی کە ئاڕاستەیان دەکرا، هەروەها کۆنتڕۆڵکردن و بچووکردنەوە و بە ئاسایی کردنی ڕوداوەکە لەگەڵ خانەوادەی مامۆستا جیهان دەرخەری ئەو ڕاستیەیە کە ئەشێ ئەم تاوانە لەلایەن خۆیانەوە ئەنجام درابێت.

ئێمە وەک خانەوادەی مامۆستا جیهان کە لە یانزە ئەندام پێکهاتووین لە ئەمریکا دەژین و خاوەنی ڕەگەزنامەی ئەمریکین مافی ئەوەمان هەیە کە بەدوا داچوون بکەین بۆ کەیسی تاکە کچەکەمان مامۆستا جیهان کە لە شاری هەولێر لە کوردستانی عێراق دەژیا، وە ئەم کەیسە پەیوەندیەکی بەهێزی بە سیاسەتەوە هەیە.

Please follow and like us:

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *