تاکەی کۆیلە خاڵێکی گەڕانەوە بۆ خۆی دانانێت؟؟!! – داکۆک
نەژاد عوسمان

 

گومانی تیانیە مرۆڤ بە ژیرترین کائینی سەرزەوی دێتە هەژمارکردن . بەڵام هەر ئەم مرۆڤە کە دایە لایەنی تێنەگەیشتن و ئینکاریکردن و ڕەدکردنەوەی ڕاستیەکان ئیتر کۆمەڵگە یان لانی کەم هەموو چواردەوری ژینگەکەی بەخۆیەوە سەرقاڵ ئەکات . تەنانەت زۆرجار ئەشبێتە گرێیەکی شێرپەنچە و ئەچێتە ناو خوێن و ئێسقانی جەستەی کۆمەڵگەوە تا نەیڕزێنێ وازی لێناهێنێ .

تاکەی کۆیلە و دەربار خۆی بە مرۆڤێکی بێبەها دائەنێ لەچاو ئاغا و سەرۆک و سەرکردەکەیدا ؟! بۆ مەگەر تۆش هەمان ئەو سیفەتانەی مرۆڤ بوونت تیانیە کە گەورە فوتێکراوەکەت هەیەتی ؟ ئەم خۆ بەبچوک زانینە زۆر ناعەقڵانی و جاڕسکەرە . تۆ ئەتەوێت بۆی ڕوون بکەیتەوە کە ئەو لە خەوی غەفڵەت دایە و خۆت ئەکەیت بە فریادڕەسێکی دڵسۆز بۆ ئەو تا سەربەرز و چەسپاو و خۆشبەخت و دەروون دروست بێت و هێندە نەبێتە پەند و مەسخەرەی ناو ماڵ و منداڵ و سۆشیاڵ مێدیا و شاشەی تی ڤی یەکان ، تەنانەت لای گەورە ناوبۆشەکانیشی ! کەچی ئەو بە تۆ ئەڵێت تۆ ماوتە تێبگەیت یان ئەوەتا هەر گوێت بۆ ناگرێت و پێکەنینی بە پێشنیارەکانی تۆ دێت !

تازەترین نمونەی خۆ بەکۆیلەکردن کە بووە ترێندی سۆشیاڵ مێدیا لەو ئەو چەند ڕۆژەی پێشوو بوو کە لەیادی یەکێتیدا چەند کەسانێک لە هەولێر و سەیدسادق و هتد یەوە بەپێ و بەو گەرمایە هاتن بۆ سەر گۆڕەکەی جەلال تاڵەبانی کە بە مەزاری مام ناسراوە ! لەکاتێکدا یەکێتی کادێرەکانی خۆی پێ ناپارێزرێت لەتاو شەڕ و گێچەڵی پارتی و تورکیا و کێ و کێ ؟ کەچی زۆر بێباکانە هەر کۆیلەی تازەیە دێت و ڕەقەم ئەبەستێ و خۆی وەک موریدی کوڕانی تاڵەبانی و ڕێبازی مام ئەناسێنێ لەپێناو نانێکی سەرشۆڕی !

تازەترین غەزەبی پارتی بەرامبەر بە یەکێتی بێسەروشوێنکردنی سێ کادری ئەو حیزبەیە لەشیلادزێ لە ٩ ی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ بەناوەکانی(دیار نەزمی سیتەیی ) و ( هێمن تەیموس بەیاز سیتەیی ) و (سەفین عەلی ئیسماعيل سيتەیی ) . ئەوە جگە لەو شەڕە زەبەلاحەی ڕاگەیاندنە کە دەستی پێکردۆتەوە بەرامبەری چ وەک لایەنگرێک و هاوکارێکی مێتی تورکی دژی سلێمانی و گەری..لا ، چ وەک هەڵدانەوەی برینە کۆنەکانی شەڕی ناوخۆ و خۆشی دەربڕین بە درێژکردنەوەی قەدەغەی گەشتکردن بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی لەلایەن دەوڵەتی کوردکوژی ئەردۆغانەوە و لێدان لەبەرژەوەندی ئەو شارە .

پوختەی قسەکانم ئەوەیە….

ئایە حیزبێک ئەوە حاڵە شڕەکەی بێت چ لەسەر ئاستی ناوخۆیی حیزب ، وە چ لەسەر ئاستی ناوخۆیی کوردستان و ناوچەیی . ئەبێت چۆن بتوانێ دیفاع لە کادێرەکانی خۆی بکات و نەیەڵێ مافیان زەوت بکرێت ؟ ئەوە باسی مافی میللەت هەر مەکە چونکە بەڕاستی ئەگەر قەومێک خوا لێیان توڕەبێت ئەوە پارتی و یەکێتی بۆ ئەنێرێ تا بەو جۆرە حوکمڕانیان بکات !

نەژاد عوسمان

Please follow and like us:

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *