دادگای پارتی دوای نزیکەی ٢٥٠ ڕۆژ هێشتنەوەی لە زیندان، دەیانەوێت ٣٠/ ٦ / ٢٠٢٤ ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد دادگایی بکەن وسزای بەسەردا بسەپێن .
بە گوێرەی وتەی بەشدار حەسەن یەکێک لە ئەندامانی تیمی پارێزەری سلێمان ئەحمەد بۆ ئاژانسی ڕۆژنیوز : وا بڕیارە ٣٠ / ٦ / ٢٠٢٤ سلێمان ئەحمەد دادگایی بکرێت .
ڕێکخراوی داکۆک ئاگاداریی بڵاو کردۆتەوە : ڕۆژی هەینی ٢٨ / ٦ / ٢٠٢٤ لە شارەکانی بیرمینگهام ، مانچستەر ، نیوکاسڵ ، گڵاسگۆ خۆپیشاندان ڕێکدەخات دژ بە لە زیندان هێشتنەوەو دادگایی کردنی سلێمان ئەحمەد و داوا لە کوردانی بەریتانیا دەکات بەشداری بکەن .
ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد هەواڵسازی بەشی عەرەبی ئاژانسی ڕۆژنیوزە لەکاتی گەڕانەوەی لە پرسەی باوکی لە ڕۆژئاوای کوردستان لە عفرین بۆ باشوری کوردستان لە ٢٥ ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ لە دەروازەی فیشخابوور لە لایەن ئاسایشی پارتیەوە ڕفێنرا .
دوای ٢١١ ڕۆژ دواجار ڕێگەدرا لە ٢٥ی ئایاری ٢٠٢٤ پارێزەر بیبینێت و پارێزەی بۆ دابنرێت .
سلێمان ئەحمەد بە هەمان یاسا دادگایی دەکرێت کە ڕۆژنامەنووسەکانی تری وەکو شێروان شێروانی و قارەمان شوکریی پێ دادگایی کراو سزای زیندانیان بەسەردا سەپێنرا .
ئاژانسی هەواڵی ڕۆژنیوز ئەم دادگاییە بەناڕەوا دەزانێت و ڕەدی دەکاتەوە داوادەکات پارتی دەست بەجێ ناوبراو ئازاد بکات وازی بێنێت لە بەرتەسکردنەوەی ئازادی لە ڕۆژنامەنووسان .
ڕێکخراوی داکۆک پێشتر بەردەوام خۆپیشاندانی ناڕەزایی ڕێکخستووە لە وڵاتی بەریتانیا بۆ بەرگریی کردن لە کەیسی ڕۆژنامەنووسانی بادینان و دادگایی کردنیان بە یاسای ٢١ ساڵی ٢٠٠٣ .